ئەحلام مەنسور

ئافرەتە پێشەنگەكان
01/10/2019


ئەحلام مەنسوور لە ساڵی (١٩٥١) لەدایک بووە و لە ساڵی (١٩٥٦) دەخرێتە بەر خوێندن و لە ساڵی (١٩٦٢) قۆناغی سەرەتایی و ساڵی (١٩٧٠) قۆناغی ناوەندیی و ئامادەیی لە (خانەقین) تەواو کرد و هەر لەم دەمەیشدا بوو بە ئەندامی حزبی شیوعیی عێراق.

لە ساڵانی خوێندنی ئامادەیدا لەگەڵ هاوڕێکەی (لەیلا قاسم) پێکەوە چالاکیی قوتابخانەیان بە ڕێوە دەبرد. پاشان ساڵی (١٩٧٠) لە بەشی زمانی کوردیی زانکۆی (بەغدا) وەرگیرا و هاوڕێکەیشی (لەیلا قاسم) لە بەشی کۆمەڵناسی وەردەگیرێت. ئیدی لەوەیش بەدواوە ئەحلام هۆگری ئەلفبای زمانی کوردی بوو، هاوڕێکەیشی ئاشنایەتیی لەگەڵ کتێبەکانی (عەلی ئه‌لوردی) پەیدا کرد و لە بەشی ناوخۆیی کۆلێژی ئاداب پێکەوە درێژەیان بە خوێندنەکەیان داوە.

هاوکاتیش ئاشنایەتیی لەگەڵ هەردوو مامۆستا (ڕەفیق سابیر) و (هێمن)ی شاعیردا پەیدا کرد کە بێگومان ڕۆڵیان لە پێگەیاندنیدا دەبێت و فێری چیرۆکنووسین و خوێندنەوەی مارکسیزمیان کردووە. هەر لەم دەمەیشدا ئەحلام چەند شیعرێکی کورتی بە زمانی عەرەبی و چەند کورتەچیرۆکێکی بڵاو کردەوە.

وەک یەکەمین ژنەڕۆژنامەوانی کورد لە ساڵی (١٩٧٤-١٩٧٥)دا لە دەزگای هاوکاری بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی دامەزراوە و دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. لە ساڵانی هەشتاکانیشدا دەستی کردووە بە نووسینی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی. یەکەم نەوبەرەشی بە ناوی (ئامە ڕەش)ەوە بڵاو کردەوە کە باسی لە ڕووداوەکانی شاری (خانەقین)ی کردووە.

لە ساڵی (١٩٨٨)دا ڕۆمانێکی بە ناوی (ئەڵوەن)ەوە نووسی کە دەتوانین بڵێین یەکەمین بەرهەمە بە زمانی کوردی لە بواری (ڕۆمانی فێمینستیی سۆسیالیستی)دا. لەم ڕۆمانەدا قارەمان (ئامە ڕەش) و دەیان ژن و کچی هەژار بە هەموو کێشە و ئاریشەکانیانەوە لە سەرتاسەری ڕۆمانەکەدا دێنە گۆ.

پاش ڕاپەڕینی بەهاری (١٩٩١) لە شاری (سلێمانی) جێگیر بووە و هەر لە (زانکۆی سلێمانی) لە بەشی ڕاگەیاندن و کۆمەڵناسی دامەزراوە و درێژەی بە بەرگریکردن لە ژنان و هەژاران دا.

ئەحلام مەنسوور جگە لە ڕۆمانی (ئەڵوەن) و (پرد)، چەند کتێبێکی تریشی بڵاو کردووەتەوە، وەک: (خەون و خوێن)، هەروەها (دیس تۆپیا) و کتێبی (ئەزموون). ساڵی ١٩٩١ بڕوانامەی ماجستێری لە کورتەچیرۆکدا وەرگرتووە.

لە رێکەوتی (١٠/١/٢٠١٣) دڵە گەورە و میهرەبانەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی یەکجاری لێکردین.

Designed and developed by AVESTA GROUP